۱۳۸۹ اسفند ۲۹, یکشنبه

چه‌مکێک له شیعره‌کانی (ئاڵا)


پاییز
زەردی زەرد , زەردی زەرده پەڕ
وەرزی دابڕان چاوی گەڵا تەڕ
لق و پۆ روت ، بێ باڵ و بێ پەڕ
گەڵای وشک سەرتاپا لە زەر
شنەی شەماڵ و تاو تاو رەشە با
سروشت دەسترێژ لە بنچک دەکا
خشپەی گەڵایه لە ژێر پێی پاییز
ورد و خاش دەمرێ بە روویه‌کی زیز
رووت و زەردەڵە لق بە جێ دێڵێ
بە شنەی نەسیم گیانێ دەسپێرێ
کازیوە گەڵا خووساوی ئاوەنگ
چاو ی خۆمار و دڵی گەلێ تەنگ
هەوا ناسازە کەمێ مەیلەو مەنگ
گەڵا بە کزی عەرز بە هەر دوو چەنگ
لە گەڵ رەشەبا لێیان بو بە جەنگ
رەشە بای زاڵم بە لرفەو گرفە
هەڵی دەپاچێ ئەم پەل و پرچە
هارەی لق وپۆ شکان و کرچە
لە دڵی بۆ سۆ بەر بووه قرچە
لە شاخ و باخی دڵی ئەم شاره
لوورە لووری با ، توورە دیاره
هارەو گڤەی دێ حاڵەکەت زاره
دەبێ خۆ بگری لە ژێر ئەم باره
خۆت تەیار بکەی بەفرەکەی پاره
مەرگی گەڵا و شەتەکی دارە
نە دەرباز دەبی نە رێگە چارە !
روژی زاڵمە و وەرزێکی هارە!
چرۆی ویژدانە لەم وشکە جاڕە!
مەرگی سۆسەن و هیمەتی خارە
چەقەڵ ئاغایە وشێریش بێکاره
هەڵو نووستووه و رێیوی دیاره
چلۆن "با"وبۆران دەوار دەر دێنێ
بە ئەستۆم! ئەتۆش لە ریشە دێنێ
دات ماڵی بەرگ ، جلی زەردەپۆش؟
لە کەللەت دا بووتۆش جۆش و خرۆش؟
هاتی لەم وەرزه خۆیەک بنوێنێ
بۆچ ساڵی پێشوو بە بیر ناهێنی؟
قڕچەو شکانی لقت نەبینی؟
چلۆن رەشەبا دایە بەر قینی!
بە جارێ ساندی گشت هێز و تینی
عابای بەفر ،چین لە سەر چینی!
،سپی پۆشی کرد هەتاکو بینی
هێند ئاسان نییه گیان بە دەر بردن
رووت بونەوه سەمایه بۆ مردن!؟
پاییزی بەدکار کڵاوی سەرنای
هەرچی گەڵا بوولە سەری تاو دای
بە رەنگی زەردی بۆچی خڵەفایی؟
لە یەکەم گەڵا بۆچی نەسڵەمایی؟
ئەم رەشەبایه لە قوللە را دێت
نە لەو سەرەوە لە ئاسمانێ دیت
دەست کردی شاخ و شنەی کوێستانه
بای سارد و سڕ ، شەختەبەندانە
بۆ گیانی درخت وەرزی زستانە
قرچەی لق و پۆ یاکوو نەمانە
خرۆکەت دەدات ئەم تەم توومانە!
وەرزی پاییزە جێ سەرسورمانە!
ختووکەی مەرگە یان گیان کێشانە
بۆ سۆی پەل و پۆ گەڵا رێزانە
لە رۆژئاوا دێت هەورێکی چڵکن
لە بار، ناقوڵا، پەک کەوتە، قڵخن
تاوێ دەمیزێ تاوێ دەپشمێ
تاوێ کڕێیوەو تاوێ دەکۆکێ
پەشمکی سپی بە کردار بەدفەڕ
تەمەن لە هەزار تۆسقاڵێ تێپەر
کاتێ کە وەرز پاییز دەنوێنێ
لە عابای گەڵا خۆ دەتارێنێ
گیانێکی تازە وەبەر خۆ دێنێ
بە هەموو هێزی جل دەتەکێنێ
لە روو داپۆشین ترسی نامێنێ
سروشت دەترسێ خەو دەماڵێنێ
بە ئەستەم هێواش خۆ دەتەکێنێ
هەور و رەشەبا بە ئاگا دێنێ
ئەگەر نەجولێن حەیا نامێنێ!
باڵدار،پەلەوەر،
جڕوجانەوەر حەقێ دەسێنێ
بەم لەونە دێن و خۆ توورە دەکەن
هەتا هێزیان بێ بە وەشت دا دەکەن
لە گەڵ ئاسمان دەست لە دەستی یەک
بۆران و ساماڵ هەردوو دەست بە چەک

لق ڕزا ، پۆپ هەڵکرچا، بنچک کرژا ،
لە ژێرسپێتی باڵی عابادا
درەخت هەڵوەری، ناوقەدی لەرزا
لە ژێر هەرەشەی وەرزی سەرمادا
.شریخەی گەڵا، هارەی چڵان دێ
هاواری درەخت، لە نێو قەدان دێ


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر