چهارشنبه ۳ فروردین ۱۳۹۰ ه‍.ش.

قانیع


،
 ناوی‌ شێخ محه‌مه‌د كوڕی‌ شێخ عه‌بدولقادری‌ كوڕی‌ شێخ سه‌عیدی‌ دۆڵاشیه‌ و له‌نه‌وه‌ی‌ (كابل)ی‌ مه‌ریوانن.
له‌ 15ئه‌یلولی‌ 1898 له‌گوندی‌ (ریشێن)ی‌ بناری‌ شاره‌زوور له‌دایك بووه‌.
له‌ته‌مه‌نی‌ (40) رۆژی‌دا بوو كه‌ باوكی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌و له‌ته‌مه‌نی‌ دوو ساڵیشدا دایكی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌.
ژیانی‌ قانع له‌زه‌مینه‌یه‌كی‌ ده‌ربه‌ده‌ری‌ و پڕ له‌ كوێره‌وه‌رییه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ‌كرد.
به‌هه‌تیوی‌ له‌لای‌ خزمێكیان كه‌ناوی‌ (ئاغا سه‌ید حوسێنی‌ چۆڕ)ی‌ بووه‌ له‌ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان گه‌وره‌ بووه‌ و هه‌ر ئه‌ویش ناویه‌ته‌ به‌ر خوێندن.
پاشان به‌ فه‌قێیه‌تی‌ چووه‌ بۆ سلێمانی‌ و چه‌ند ساڵێك له‌وێ‌ ماوه‌ته‌وه‌.
هه‌ر به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌ڕان به‌شاره‌كانی‌ كوردستان دا بۆ خوێندن چۆته‌ (سنه‌ و مه‌ریوان و سابڵاخ و بۆكان و شنۆ و هه‌ولێر و كۆیه‌و كه‌ركوك و سلێمانی‌ و بیاره‌) و دوا قۆناغی‌ خوێندنیشی‌ له‌مه‌ریوان ته‌واو كردووه‌.
قانع به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ فێری‌ خوێندن و نووسین ببێت توانای‌ شاعیرێتی‌ تیا ده‌ركه‌وتووه‌ و له‌سه‌رده‌می‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانیدا خوی‌ داوه‌ته‌وه‌ شیعری‌ ئایینی‌.
دواتر به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ كوردستانه‌وه‌ خولیای‌ شیعری‌ نیشتمانپه‌روه‌ری‌ بووه‌، خوێندنه‌وه‌ی‌ كتێبێكی‌ ده‌ستنووسی‌ فارسی‌ به‌ناوی‌ (وقایع ال ارده‌لان) كه‌باسی‌ راپه‌رینه‌كانی‌ تیره‌ی‌ ئه‌رده‌ڵانییه‌كان ئه‌كات به‌رامبه‌ر داگیر كه‌ران، هێنده‌ی‌ تر كار ئه‌كاته‌ سه‌ر ده‌روونی‌ شاعیر و به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی‌ و ئیتر ئه‌بێته‌ شاعیرێكی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ ونیشتمانپه‌ره‌وه‌ر.
لایه‌نه‌ له‌یه‌ك نه‌چووه‌كانی‌ شیعره‌كانی‌ شاعیر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێ كه‌زاده‌ی‌ فیكری‌ یه‌ك سه‌رده‌م و پێویستی‌ یه‌ك قۆناغ و به‌رهه‌می‌ یه‌ك ئێش و ئازار نین، به‌رده‌وام باوه‌ڕی‌ به‌یه‌كگرتنی‌ جه‌ماوه‌رو یه‌كسانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌بووه‌ و له‌سه‌ره‌تای‌ چله‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌رۆژگاری‌ دووه‌مین جه‌نگی‌ جیهانیدا رێبازی‌ سۆشیالیستی‌ وه‌كو دیارده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ زیندوو له‌ناو شیعره‌كانیدا ره‌نگی‌ دایه‌وه‌و له‌سه‌نگه‌ری‌ شیعری‌ شۆڕشگێرانه‌دا دژی‌ ده‌ره‌به‌گی‌ چه‌وسێنه‌رو ئیمپریالیزم بووه‌ و هه‌میشه‌ دڵی‌ له‌گه‌ڵ ئازار و ئاواتی‌ مرۆڤی‌ جوتیاری‌ چه‌وساوه‌ی‌ كورددا بووه‌ و وه‌ك شاعیرێكی‌ دڵسۆز و خه‌م خۆری‌ كورد شیعری‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد هۆنیته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهات و كاره‌سات و راپه‌رین و شۆرش و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ كورددا ژیاوه‌.
له‌شیعره‌كانیدا داوای‌ مافه‌كانی‌ ژنانی‌ كردووه‌ له‌بواره‌كانی‌ رۆشنبیری‌ وكۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووریدا.
قانع له‌سه‌ره‌تای‌ په‌نجاكاندا به‌هاوكاری‌ مامۆستایان (عه‌لادین سه‌جادی‌ و شوكر مسته‌فا) توانی‌ پێنج به‌ش له‌ شیعره‌كانی‌ به‌شێوه‌ی‌ دیوانی‌ جیاجیا و قه‌واره‌ی‌ تایبه‌تی‌ چاپ بكات، كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ن(گوڵاڵه‌ی‌ مه‌ریوان، باخچه‌ی‌ كوردستان، چوارباخی‌ پێنجوێن، شاخی‌ هه‌ورامان، ده‌شتی‌ گه‌رمیان).
له‌ژیانیدا گه‌لێ‌ كارو پیشه‌ی‌ كردووه‌ له‌وانه‌ مامۆستای‌ قوتابخانه‌و كرێكاری‌ و مامۆستای‌ مزگه‌وت و جوتیاری‌ و ئاشه‌وانی‌ و فه‌رمانبه‌رێتی‌.
له‌كۆتایی‌ په‌نجاكاندا چه‌ند جارێك خراوه‌ته‌ به‌ندیخانه‌. له‌ساڵی‌ (1960)دا له‌به‌ندیخانه‌ی‌ سلێمانی‌ چۆنیه‌تی‌ نووسینی‌ زمانی‌ كوردی‌ فێری‌ زیندانییه‌كان كردووه‌.
له‌ (1963)دا له‌گه‌ڵ وریای‌ كوڕیدا له‌به‌ندیخانه‌ی‌ (قه‌جه‌ر)ی‌ تاراندا زیندانی‌ ئه‌كرێ‌ و هه‌ر له‌و به‌ندیخانه‌یه‌دا هۆنراوه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی‌ نووسیوه‌ كه‌ده‌ڵێ‌:
ئاخرین ماڵی‌ ژیانم كونجی‌ به‌ندیخانه‌یه‌
ئه‌م كه‌له‌پچه‌ مه‌رهه‌می‌ زامی‌ دڵی‌ دێوانه‌یه‌

‏هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر